هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی (175)ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق – 2018 لە ژێر دروشمی (لەپێناو ئێوە دا)

بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی (175)ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق – 2018 لە ژێر دروشمی (لەپێناو ئێوە دا)

دیدی ئایندە:
دەربازكردنی پڕۆسەی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی لە قەیرانەكان بە ویست و ئیرادەی گەل دەبێت، ویست و ئیرادەی گەلیش لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەرجەستە دبێت كە بە هۆیەوە ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان دێتەدی.
پەیام:
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پێناو ئێوە دا بڕیاری بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكان دەدات.
ئامانجەكان

یەكەم:
حوكمی رەشیدو دیموكراتیانە مسۆگەركردنی پاراستنی مافەكان‌و ئازادییە بنەڕەتیەكانی سەرجەم هاوڵاتیان.
دووەم:
پاراستنی ماف و دەسكەوتە دەستوریەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا.
سێیەم: مسۆگەركردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتی‌و كۆمەڵگە و و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی ووڵات.
چوارەم: بنیادنانی ئابووری وڵات بە ئابووریەكی فرە دەرامەت و كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و هاوڵاتی بەرهەمێنەر و شەفافكردنی بەرهەمێنان و داهاتی نەوت‌و گاز.

پێنجەم: بەشداركردنی كارای ئافرەت و لاوان لە ژیانی سیاسی و گشتی دا.

هەنگاوەكانی گەیشتن بە ئامانجەكان
هۆكارو رێگاكانی بەرجەستەكردنی ئەم ئامانجانە لە رێگای پەرۆشی خوشك و برا دەنگدەرەكانەوە بە مەبەستی جێگیركردنی بنەماكانی دیموكراسی و حوكمی رەشید لە لایەك و كاراكردنی ڕەوتی گەشەپێدان لە لایەكی ترەوە. بۆ بەرجەستەكردنی ئەم ئامانجانە بێگومان پاڵێوراوانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كار دەكەن لە سەر جێبەجێكردنی بەرنامەكەیان لە ڕێگای ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
یەكەم: حوكمی رەشیدو دیموكراسی دروست‌و بەهێزو مسۆگەركردنی ماف‌و ئازادییە بنەڕەتیەكان بۆ گشت هاوڵاتیان:
1- كاراكردنی رۆڵی بێلایەنانەی دەزگاكانی یاسادانان‌و دادوەری‌و جێبەجێكردن، چەسپاندنی سەروەری یاساو پاراستنی سەرجەم مافە یاساییەكانی هاووڵاتیان بە دادپەروەری‌و یەكسانی .
2- چەسپاندنی نەهجی دیموكراسی كە لەسەر فرەیی سیاسی وەستاوە، هەروەها جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات‌و كێبڕكێ‌ لەسەر چاككردنی گوزەران و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان .
3- رێزگرتن‌و پشتگیری مەبدەئی شەفافیەت‌و لێپرسینەوە لە هەموو لایەنەكانی كاری حكومەتی ‌و تایبەت.
4- كاراكردنی یاسای بنەبڕكردنی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە، پشتگیری سەربەخۆیی دامودەزگا كانی چاودێری و نەزاهەت، بۆ ئەوەی ئاستێك بۆ بە هەدەردانی دەرامەتی دەوڵەت دابنرێت، پاشان دابەشكردنی ئەو دەرامەتە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا .
5- پشتگیری سەربەخۆیی دادگاكان لە ڕێگای جەختكردنەوە لە سەر مەبدەئی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.
6- كاراكردنی رۆڵی دامودەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاو یەكێتییە پیشەییەكان.
7- پشتگیری و هاوكاری و سەربەخۆیی ماددی و مەعنەوی ڕاگەیاندنی ئازاد.

دووەم: پاراستنی ماف و دەسكەوتە دەستوریەكانی گەلی كوردستان:-
1- رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی اتحادی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دا.
2- دیاریكردنی میكانیزمی گونجاو بۆ دابەشكردنی سامان و دەسەڵاتە ئیتیحادیەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەنێوان هەرێم و ناوەند دا.
3- جێبەجێكردنی ماددەی 140 و بەرێوەبردنی كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی هاوبەشی لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو ناوچانەدا.
سێیەم/ مسوگەركردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتی و كۆمەڵگە و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی وڵات:
1-كاركردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتەوایی نیشتیمانی و كۆتایی هێنان بە تیرۆر و توندوتیژی و گەرانەوەی ئارامی بۆ سەرتاسەری عێراق.
2- سرینەوەی ئاسەواری كلتۆری دیكتاتۆریەت و بڵاوكردنوەی هزری میانڕەوی و پێكەوە ژیان و رەتكردنەوەی باڵادەستی نەتەوەیی یان مەزهەبی و تایفی و هەموو شێوازەكانی تاكرەویی لە دەسەڵات.
3- كاركردنی جددی بۆ گەرانەوەی ئاوارە و دركراوەكان و ئاوەدانكردنەوەی وێرانكاریەكانی شەری داعش...
4- خاوێن راگرتنی ژینگەی سرۆشتی وڵات و پاكردنەوەی لە ئاسەوارەكانی چەكە زیان بەخشەكان و هۆكارەكانی تری پیسبوونی ژینگە

چوارەم: بنیادنانی ئابووری ولات بە ئابووریەكی فرە دەرامەت و كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و هاوڵاتیەكی بەرهەمهێن هەست بە خۆشگوزەرانی و ژیانێكی سەربەرزانە دەكرێت:
1- هەمەجۆری چالاكییە ئابوریەكان لە پێناو كەمكردنەوەی پشت بەستن بە نەوت و رەخساندنی خۆشگوزەرانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گونجاو بۆ هاوڵاتیان.
2- بەهێزكردن و كاراكردنی سیستەم و دەزگاكانی كاركردن لە بواری سەروەری یاساو لێپرسینەوەو شەفافیەت لە پێناو گرەنتی كاری باش و چۆنیەتی بەرهەم و خزمەتی پێشكەشكراو بە هاوڵاتیان هەروەها روبەروبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە.
3- فراوانكردنی رۆڵی كەرتی تایبەت لە ئابوری نیشتمانی و بەرەو پێشبردنی كاری ئەو دەزگایانەی نوێنەرایەتی دەكەن، لەگەڵ پارێزگاری رۆڵی پلانرێژی و چاودێری و هەڵسەنگاندنی حكومەت لە بەرێوەبردنی ئابووریەكدا كە پلە بە پلە كار بۆكۆمەڵگەیەكی ئارام و دیموكراسی دەكات.
4- پەیڕەوكردنی سیاسەتی لامەركەزی لە دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵاتدا، هەروەها كاراكردنی رۆڵی دەسەڵاتی پلاندانان و جێبەجێَكردن و چاودێری و هەلسەنگاندن لە نێوان ناوەندو هەرێمی كوردستان و پارێزگاكاندا، بە شێوەیەك دوور بێت لە دژایەتی جۆراو جۆرو رێگر لە بەردەم رەوتی خێرای گەشەپێدان و بەرەوپێشچووندا.
5- چاكسازی سیستمی بانكی و داڕشتنەوەی پەیكەرەكەی و پەرەپێدانی توانای ئەو كارمەندانەی لە بانكە گشتی و تایبەتیەكاندا كار دەكەن.
6- بەستنەوەی بڕی تەرخانكراو بۆ گشەپێدانی پارێزگاكان لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان و رادەی بێبەش بوون و زەرەرمەندبون پێداویستیە سەرەتاییەكان لە پارێزگاكاندا بۆ دابەشكردنێكی هاوسەنگ و دادپەروەرانەی داهاتی دەوڵەت.
7- ئاسانكردنی دەرفەت لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی و ناخۆییدا.
8- كاراكردنی سیسەتم و یاساكانی پاراستنی بەكاربەر و كێبركرێ‌، بە شێوەیەك مافی بەكاربەر لە یاری پێكردن و گزیكاری بازرگانی پارێزراو بێت.
9- باشتركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و شەفافكردنی داهاتەكانی و بەكارهێنانی لە گەشەپێدانی ئابوری وڵات و باشتركردنی گۆزەرانی هاوڵاتیان.
10- دامەزراندنی تۆڕی بۆری گاز بۆ شارەكان، بۆ بەكارهێنانی لە كاروباری ناو ماڵدالەسەرتاسەری عێراقدا.
پێنجەم: كاراكردنی رۆڵی ئافرەتان و لاوان لە ژیانی گشتی و سیاسی دا:
1- هۆشیاركردنەوە و پشتگیریكردنی ئافرتان و لاوان بۆ بەشداریكردنی كارا لە كاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دا و دابینكردنی دەرفەتی كار بۆیان.
2- كاركردن بۆ نەهێشتنی دابو نەریتە كومەڵایەتیە نەخوازراوەكان كە دژی ماف و ئازادیەكانی ئافرەت دەوەستن.
3-كاركردن بۆ قەدەغەكردنی هەمو شێوازەكانی تۆندوتیژی و جیاكاری دژ بە ئافرەت.
4-بایەخدان بە پەروەردە و رۆشنبیری لاوان و پاراستنیان لە لادان و و مادە هۆشبەرەكان.
5- پشتگیركردن و بەهێزكردنی رێكخراوەكانی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان.

میكانیزم و ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەكان
1. خەباتی سیاسی و پەرلەمانی و دبلوماسی.
2. جێبەجێكردنی دەستور.
3. فشاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
4. بەكارهێنانی كارای میدیا.
5. هەرهەنگاوێكی تری مەدەنی و دیمۆكراتیانە (مانگرتن، خۆپیشاندان,گردبۆنەوە...هتد).