هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

به‌لاغی كۆتایی ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان

به‌لاغی كۆتایی ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان

ئەمڕۆ سێ شەممە (12/9/2017) ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بەسەرپەرشتى مامۆستا سعید على عبۆ، سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتىو بە ئامادەبوونى  مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانو بە ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەى خۆى گرێ دا .


سەرەتاى کۆبوونەوەکە ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو تیشکى خستەسەر ڕووداو و پێشهاتە نوێ یەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و ناوچەکەو نێودەوڵەتى و پرسى ڕیفراندۆم کە بڕیارە لە (25/9/2017)دا ئەنجام بدرێت شیکردەوەو جەختى کردەوە لە سەر گرنگى ئەم وێستگە مێژووییەى گەلى کوردستان کە لە ماوەى سەد ساڵى ڕابردوودا گەلى کورد لە ناوچەکە بێبەش کراونو ئێستا خەڵکى کوردستان لە ڕاپرسیەکى مێژووییدا بڕیارى خۆى دەدات و ئەمەش وەک مافێکى سروشتى گەلەکەمان و دوور لە هەر کارو کاردانەوەو بەرامبەر بەولاو ئەملا لە ناوچەکەو جیهانداو بڕیارى پەرلەمانى عێراقى ڕەت کردەوە لەسەر ڕاپرسى


سەبارەت بە پڕۆسەى ئاشتەوایى نێوماڵى کورد بە پێویستى زانى هەروەک چۆن لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا یەکگرتوو هەمیشە لەگەڵ سیاسەتى کۆدەنگى و بە یەکەوە بوونو ئاشتەوایى بووەو بە پێویستى زانى سەرجەم لایەنەکان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى خۆیان و بە یەکەوە ئەرکەکانى ئەم قۆناغە بەڕێ بکەن..

دەرەبارەى پرسى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان جارێکى تر یەکگرتوو نیگەرانى توندى خۆى دەربڕى بۆ پەکخستنى پەرلەمان و بە پێویستى زانى سەرجەم لایەنەکان بە یەکەوە پەرلەمان کارابکەنەوەو بچێتە دۆخى ئاسایى خۆى و بە ئەرکى یاسایى و سیاسى خۆى هەڵستێت بەتایبەت لەم وێستگە ئینتقالیە کە بەرەو پرسى سەربەخۆیى دەڕۆین و پێویستمان بە دەستورێکى دیموکراتى و مەدەنى یەو تیایدا شوناسى گەلى کوردستان و مەرجەعیەت بپارێزێت و هەر لەم بارەیەوە ئەنجومەنى جێبەجێکردنى تخویل کرد بۆ وەرگرتنى بڕیارى پێویست لەگەڵ لایەنەکاندا .

ئەنجومەنى سەرکردایەتى دوابەدواى گفتوگۆى چڕوپڕ لەسەر سەرجەم پرسەکاندا بڕیارو ڕاسپاردەى پێویست وەرگرت و گفتوگۆى سیاسى بەتاکەچارەسەرزانى بۆ چارەسەرکردنى کێشە سیاسیەکان و مرونەت نواندن لەنێوان لایەنەکان و بەکۆدەنگى باشترین بژاردەى ئەم قۆناغەمانە .

دەربارەى ئەم گفتوگۆیانەى کە لە نێوان لایەنەکان دەگوزەرێت هیواى خواست کە لەپێناو بەرژەوەندى باڵاى گەلى کوردستانو چارەسەرکردنى قەیرانى سیاسىو دارایى و گەڕاندنەوەى متمانە بۆ هاوڵاتیان و لابردنى بڕیارى سیستەمى پاشەکەوتى زۆرەملێ ى مووچەو جولاندنى بازاڕو چارەسەرکردنى بژێوى هاوڵاتیان و مووچەخۆران ئەولەویەتى ئەم قۆناغەمان بێت و کۆتایى بە نەهامەتیەکانى تاکو خێزانى کوردى بهێنرێت لە ڕووى داراییەوە .

ئەنجومەنى سەرکردایەتى جەختى کردەوە لەسەر بڕیارى مێژوویى بەشدارى شارى کەرکوک، لە ڕاپرسى و پێشهات و پەرەسەندنەکانى کەرکوکى هەڵسەنگاندو هەر جۆرە هەڕەشەیەکى ڕەت کردەوەو پشتگیریى خۆى بۆ بڕیارەکانى ئەنجومەنى پارێزگا دەربڕى .

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەن سەرکردایەتى دیراسەى ڕاسپاردەکانى ئەنجومەنى گشتى کرد کە لە (26/8/2017) لە شارى سلێمانى ئەنجامدا کردو بڕیارى پێویستى لەبارەوە وەرگرت .