هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجوومەنی بانگەوازی یەكگرتوو بەیاننامەیەك لەبارەی پاكتاوی موسڵمانانی رۆهینگا بڵاودەكاتەوە

ئەنجوومەنی بانگەوازی یەكگرتوو بەیاننامەیەك لەبارەی پاكتاوی موسڵمانانی رۆهینگا بڵاودەكاتەوە

 

 

بسم اللە الرحمن الرحیم

بەیاننامەی نارەزایی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەسەر تاوانی قەتل و عامی بوزییەكان بەرامبەر موسڵمانان لە میانمار.
خودای گەورە دەفەرموێ (انه من قتل نفسا بغیر نفس او فساد فی الارچ فكٱما قتل الناس جمیعا) المائدە 32
لەم رۆژانەدا موسڵمانان بەوپەڕی نیگەرانیەوە دەڕواننە ئەو دەستدرێژیە تاوانكارانەو پێشێلكاریە مەترسیدارانەو رێوشوێنە ستەمكارانە كە دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەواو هێزە ئەمنیەكانی میانمار پێی هەڵدەستن دەرحەق بە موسڵمانانی رۆهینگیا لە كوشتن و سوتاندن و دەركردن و وێرانكردن بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان و بەتایبەتی جیهانی ئیسلامی.
ئێمە لە ئەنجوومەنی كاروباری بانگەواز لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕین و ئەو دەستدرێژیە ناڕەوایانەو رێوشوێنە ستەمكارانە ریسوا دەكەین و بە پشێلكاریەكی ئابرووبەرانەی دادەنێین بۆ یاساو بەڵێننامە نێودەوڵەتیەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی و كەرامەتی ئینسان و پێشێلكاریەكی مەترسیدارە بەرامبەر حورمەتی هاوڵاتیانی سیڤیل و بێ چەك، ئێمە وای دادەنێین ئەمە ئیرهابی دەوڵەتە كە بەشێوەیەكی بەرنامەدار پیادە دەكرێ دژی خەڵكی بێ تاوان، هەروەها برینداركردنی هەست و شعوری زیاتر لە ملیارێك و نیو موسڵمانە لە جیهاندا.
ئێمەش وەكو گەلی كوردستان هاوسۆزین لەگەڵ برایانمان لە میانمارو بەشداری ئازارو خەمەكانیانین، چونكە ئێمەش لە پێشدا تاڵی و ناخۆشی ئەو جۆرە ستەم و دەستدرێژییانەمان چەشتووە كە مافی ئینسانەكان لە بوون و ژیانی بە كەرامەت و ئەمین بوون لەسەر خاكی خۆی دەكاتە ئامانج، هەروەها هەرچی ئەو تروسكایی ئومێدەی هەیە بۆ دروستكردنی پەیوەندی ئینسانی و بناغەی بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان كۆمەڵە جیاوازەكان هەیە دەیكوژێ.
بۆیە داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو دەزگاو رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان و حكومەتەكان و گەلانی دونیا و رێكخراوە ئیسلامیەكان و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەكەین هەموو بەیەك ریز بوەستن بۆ هەستان بە ئەركی ئینسانی و ئیسلامی خۆیان بۆ بەرگری كردن لە برا چەوساوەو لێقەوماوەكانمان لە میانمار.
هەر وەك داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەستن بە ئەركی خۆیان بە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و گرتنەبەری هەموو هۆكارێك بۆ وەستاندنی كوشتن و سزادان و كۆچ پێكردنی بە زۆرو دەستدرێژی بە ئاشكراو پێشێلكاریە ترسناكەكان كە دەسەڵاتدارانی لە سنوور دەرچووی میانمار ئەنجامی دەدەن.
هەروەها جێگەی خۆیەتی لێرەدا دەستخۆشی و سوپاسی هەموو ئەو كەس و خەڵكە بە شەرەفانەی جیهان بكەین كە هاوسۆزو پاڵپشت بوون بۆ مەسەلەی موسڵمانە چەوساوەكانی رۆهینگیاو داوایان لێ دەكەین هەرچی لە توانایاندایە كار بكەن لە پێناو رزگاركردنیان تاكو بتوانن بە ئاشتی و بە ئارامی لە نیشتمانی خۆیان و لەسەر زەوی خۆیان بژین.
ئەنجوومەنی كاروباری بانگەوازی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
هەرێمی كوردستان 2017/9/4