هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ڕێكخراوە خێرخوازییەكان سمبولی خزمەتكردنی هەژاران و نەدارانن

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ڕێكخراوە خێرخوازییەكان سمبولی خزمەتكردنی هەژاران و نەدارانن
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-3-2021، مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێك، دەستەی باڵایی ڕابیتەی خێرخوازی كوردی بەسەركردەوەو لەدیدارێكدا دەستخۆشی ئاڕاستەی سەرجەم بەرپرس و ئەندامان و كارمەندانی ڕابیتەی خێرخوازی كرد كە چالاكانەو دڵسۆزانە بەردەوامن لەسەر كارو پرۆژە خێرخوازییەكانیان.
 
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبەشێكی تری دیدارەكەدا جەختیكردەوە كە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە هاوڵاتیانی هەژارو نەدار لەئێستادا لە هەركات زیاتر پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی جدی و خزمەتكردنیان هەیە، بۆیە پێویستە چ لەڕێگەی خێرخوازانی ناوخۆ بێت یان دەرەوە هەوڵەكانی بەرجەستەكردنی سەرچاوەی دارایی زیاتر بكرێن بۆ خزمەتی زیاتر هاوڵاتیانی كەمدەرامەت.
 
هەر لەم دیدارەدا مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی سەرجەم خێرخوازانی هەرێمی كوردستانی كرد كە هەمیشە هاوكارن و بەمتمانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە بەڕێزەو دەزگا خێرخوازیەكان دەكەن.
 
لای خۆشیەوە ئەندازیار حسێن نەجمەدین ڕەسول سوپاسی ئەمیندارو شاندی یاوەڕێی كردو ئاماژەی بەپشتگیری و متمانەی ئەوانی كرد بۆ ڕێكخراوەكەیان.