هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان شێوێندراوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان شێوێندراوە

 

ئەمڕۆ یەك شەممە 18-10-2020،  بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یاوەری لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی لە شاری سلێمانی كرد.


لەو دیدارەدا ئەمنیداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: پێویستە بۆنەی یادی لەدایك بونی پێغەمبەری ئیسلامی (درودی خودای لەسەر بێت) بكەینە بۆنەی نزیكی لە نەهج و ڕێبازی جوانی پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت)، وە خۆڕازاندنەوە بە ڕەوشتەبەرزەكانی و ڕەنگدانەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا كە یەكگرتووەكان لە ڕەهەندی ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستی پێشەنگ بوون.


هەروەها ووتیشی: پایەكانی یەكگرتوو لەسەر مەنهەجیەتی ڕۆشنی میانڕەوی ئیسلام دامەزراوەو پرۆژەیەكی نیشتیمانی و ئیصلاحی كوردستانیەو ئازایەتی ئەوەیە لایەنەكان بەدەم كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیانەوە بن و نابێت هەرخەمی خۆمان بێت و پێویستە خەمەكانی هاوڵاتیانی خەمی هەمووان بێت.


مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو: پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان شێوێندراوەو لەهەرلایەكەوە بۆی دەڕوانیت ئاڵۆز بوەو لەسكەی خۆی ترازێندراوەو یەكگرتوو بڕیاری لە دەست خۆیدایەو كەس ناتوانێت هیچی بەسەردا فەرزبكات، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە یەكگرتووی ئیسلامی لەبەردەم ئەركە گەورەكەی كۆمەڵگەیە كە چاكسازی كۆمەڵایەتیە، یەكگرتوو دەتوانێت لەم ڕەهەندەدا خزمەتی گەورە پێشكەش بە كۆمەڵگە بكات و پەروەردەو پێگەیاندنی كەسایەتی تاكی كوردی ئەركی سەرشانی هەموانەو یەكگرتووەكان كاری جدی لەسەر دەكەن.