هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەشداری مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربانی پیرۆزی كرد

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەشداری مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربانی پیرۆزی كرد

 

 

ئەمڕۆ هەینی 31-7-2020، مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە مزگەوتی فەجر لە شاری سلێمانی بەشداری مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربانی پیرۆزی كرد.
پێشتر و لەپەیامێكی پیرۆزبایدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوای لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كۆتایی بە مەینەتیەكانی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بهێنن.


دەقی پەیامەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:

پەیامی ئەمینداری گشتی
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە
(ژلك ومن یعڤم شعائر الله فإنها من تقوی القلوب)
بسم الله الرحمن الرحیم
هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز لەگەلی كوردستان و عێراق و سەرجەم ئومەتی ئیسلام و مرۆڤایەتی پیرۆز دەكەین.
بەداخەوە جەژنەكەمان لەمساڵدا لە كاتێكدایە كە گەلەكەمان لە دۆخێكی ناهەمواری تەندروستی و بژێوی و كۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، عێراق و ناوچەكە بەگشتی بە دەست پەتای كۆرۆناو دەرهاویشتەكانیەوە گیرۆدەیە..
سەرباری ئەم حاڵەتە نەخوازراوە گشتی یە، ناكۆكیە ناوخۆیەكانی حیزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاستێكدایە كە هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژەو دڵەڕاوكێ دروست دەكەن و گرفتی لاوەكی بەرپا دەكەن و دامودەزگا حكومی و نیشتیمانیەكان دەخەنە بەر ڕەحمەتی میزاجی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو، ئەوە لە كاتێكدایە كە خەڵكی كوردستان لە قەیرانێكی سەختی بێ مووچەیی و بێ بازاڕی و نائومێدیدایەو سەبرو ئارامی لێ هەڵگیراوەو دەیانەوێت ئەم كێشەی بێ مووچەیی و بژێوییە خەمی سەرەكی حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات بێت..
ئێمە لەم بۆنە ڕۆحی و پیرۆزەدا دەخوازین حیزبەكانی دەسەڵات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بكەن و هەڵمەتێكی گشتی خەمخۆرانە بە دوور لە میزاجی تاكە كەسی و بەرژەوەندی حیزبی بە هاوكاری هەموولایەك چارەسەری خێراو پلانی درێژخایەن بگرنەبەر..
گەلی ئێمەو هاوڵاتیانی ئازیزی ئەم هەرێمە شایەنی ئەم مەینەتی و برسیكردنە نیەو ئەم بێ منەتی و فەرامۆشكردنە لەلایەن بەرپرسانەوە نەشیاوەو تاسەر سەرناگرێت.. مێژوو پێمان دەڵێت هەموو ئەنجامێكی خراپ و نەخوازراو لە فشاری خراپی بژێوییەوە چاوەڕوانكراوە.
بەهیوای جەژنێكی پیرۆز و هەڵمەتێكی چارەسەر..
براتان
صلاح الدین محمد بها‌ءالدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
30-7-2020