هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پشتگیری لە پرۆسەی چاكسازی لە هەرێم دەكەین

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پشتگیری لە پرۆسەی چاكسازی لە هەرێم دەكەین

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9-9-2019 مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازیكرد لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراو لەلایەن خۆیەوە خاتوو ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئامانجی سەردانەكەی ڕونكردنەوەو ڕایگەیاند: بەمەبەستی پشتگیری لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەین.

هەروەها جەختیشكردەوە كە گرنكە بەلایانەوە بیروڕای لایەنە سیاسیەكان لەسەر دانانی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان وەربگرن، چونكە ناكرێت لەوە زیاتر هەرێمی كوردستان بێ دەستوور بمێنێتەوەو تەئكیدیان لەسەر گرنگیپێدان بە پرۆژەی چاكسازی كە هاتۆتە پەلەمانی كوردستان كردەوە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئەمەش پێویستمان بە پشتگیر ڕاستەقینەی لایەنە سیاسیەكانە.

بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختیكردەوە كە پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان لەسەروی هەموو دەسەڵاتەكانەوە بێت و ڕۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت لە چاودێریكردنی سەرجەم دامودەزگاو بەرپرسان لە هەرێم و پشتگیری یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پرۆژەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.

هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەپێویستی زانی كە دەستوری هەرێمی كوردستان زامنی مافی سەرجەم پێكهاتەو ئاینەكان بكات لە هەرێمی كوردستان و ببێتە سەرەتایەكی باش بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و سەروەربونی یاسا لە هەرێم.