هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كرد

ئەمینداری گشتی پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كرد

دوای نیوەرۆی ئەمرۆ سێ شەممە 27-9-2016 مۆستا سەلاحەدین محەمەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كرد .

سەرەتا  نیعمەت عبدالله بەناوی پەرلەمانتارانەوە سوپاسی ئەمینداری یەكگرتوویان كردو خوازیاربوون یەكگرتوو بەردەوام بێت لەسەر رۆڵی ئاشتەوایی و میانگیری نێوان هێز و لایەنە ناكۆكەكان بەتایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی كە ئەمرۆ میللەتەكەمانی پێدا گوزەر دەكات.

لای خۆشیەوە ئەمینداری گشتی وێرایی بەخێرهێنانی پەرلەمانتاران، تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و خۆپیشاندانەكانی ئەمرۆ لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان و رایگەیاند: سوپاس بۆخوا خۆپیشاندانەكان بەشێوازێكی ئاشتیانەو بەهێمنی و مەدەنیانە بەرێوەچوو، وە پشتگیری خۆی بۆ مافەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەربری و گوتییشی كوردستان پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی هەیە .

تەئكیدیشی كردەوە كە دەبێت لایەنەكان یەكریزی نێوانیان پتەو بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەم قەیران و كێشە نەخوازراوانە رزگار بكەن و یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستانیش دەتوانێ رۆڵی كاریگەری ببێ.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە 2016/9/8 یاداشتنامەیەكی ئاراستەی حكومەت كردووە و تیایدا راشكاوانە داوای كردووە كە حكومەت پێداچوونەوەی جدی بكات بە بریاری پاشەكەوتكردنی مووچە و باشكردنی باری گوزەرانی خەڵك و مووچە خۆران، و هەروەها باسی لە چالاكی سیاسی پێویست كرد بەئاراستەی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو چاك روبەروبونەوەی واقعی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان كردوو كه‌ ناوچه‌كه‌ بە دۆخێكی هەستیار و چارەنووسازدا گوزەر دەكات و دەبێت هەمووان بە هۆشیاری و چاوكراوەیی و بەرپرسیاریەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین.