هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئیسراو میعراج دڵنەوایی و رێزگرتن بوو لەگەورەیی پێغەمبەر

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئیسراو میعراج دڵنەوایی و رێزگرتن بوو لەگەورەیی پێغەمبەر

 

 

ئێوارەی ئەمرۆ مەڵبەندی دووی هەولێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەئامادەبوونی (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو وە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و مەڵبەندی سێی بزوتنەوەی ئیسلامی دیدارێكی برایەتی و ئیمانی سازكرد بەبۆنەی یادی پڕشكۆی (ئیسراو میعراج).

سەرەتای دیدارەكە بەچەند ئایەتێك لەقورئانی پیرۆزو دەستی پێكردو دواتر ئەمینداری گشتی یەكگرتوو وتارێكی پێشكەشكردو پیرۆزبایی هاتنەوەی یادی ئیسراو میعراجی لە گشت موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی كرد، ئاماژەی بەویادەكرد كە (ئیسراو میعراج) دڵنەوایی و رێزگرتن بوو لەگەورەیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت).

ئەمینداری گشتی ئەوەشی خستەروو كە ئەم كۆبوونەوەیە لەكاتێكی پیرۆزدایە لەسەر سفرەی برایەتی و خۆشەویستی هەردوو مەڵبەندی یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی ئامادەبوون بۆ پرۆژەیەكی پیرۆز، كە ئەم پرۆژەیە خزمەتكردنە بەخەڵكی كوردستان و كراوەیە بۆ هەموو لایەنێكی ئیسلامی و ئیسلامخوازێكی كوردستان.

هەرلەدیدارەكەدا (د. عەبدولڵا وەرتی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی لەوتەیەكیدا سوپاس و دەستخۆشی لە جەنابی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كرد بۆ هەوڵەكانی یەكخستنی نێو ماڵی ئیسلامیەكانی كوردستان وە تەئكیدیشی كردەوە، پڕۆژەی هاوكاری ئیسلامی كارێكی سروشتی و خۆرسكی كوردستانە دژ بەهیچ لایەنێكی سیاسی نیە.